ئەو عومرەکارانەی لە سعودیەن و ناتوانن بە گەشتی ئاسمانی بگەڕێنەوە، بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەتوانن بەڕێگای وشکانی بگەڕێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەکاتەوە، کە ئێستا له‌ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ن بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عومرە، هێڵی ئاسمانی عیراقی بەهۆی چلەی ماتەمینی ( ئیمام حسێن) هەموو گەشتەکانی چارتەری تا کاتێکی نادیار راگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر عومرەکارێک ئارەزوو بکات بگەڕێتەوە ئەوا پێویستە هەماهەنگی بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە لەگەڵی سەفەری کردووە تا بە رێگای وشکانی و بە پاس بگەڕێتەوە،ئەو هاووڵاتیانەی کە نایانەوێت بگەڕێنەوە پێویستە لەسەر کۆمپانیاکە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خزمەتگوزارییەکان بۆیان دابین بکات تا گەشتەکانی ئاسمانی دەستپێدەکەنەوە.

حەج و عومرەی کوردستان، ئاگاداری هەموو ئەو کۆمپانیانە دەکاتەوە هەر کۆمپانیایەک بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە و خەرجی ئەو عومڕەکارانەی کە لەوێن لەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە وەکو بارمتە داویانە.

جێگەی ئاماژەیە، لە ئێستادا نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عیراقی لەوێ ماونەتەوە کە لە نێویاندا نزیكه‌ی دوو هەزار عومرەکاری هەرێمی کوردستانن.