پاشماوەی چوار کەشتی کە مـێـژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سـەدەی 18 دۆزرانــەوە
راهۆز
١٥ی ئابی ٢٠٢٥
شوێنەوارناسان لە کەناراوەکانی ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، لە نزیک بەندەری مێژوویی برانزویک تاون، پاشماوەی چوار کەشتیی نوقمبوویان دۆزییەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی 18 دەگەڕێتەوە.
یەکێک لە کەشتییە دۆزراوەکان کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، پاشماوەی کەشتیی ئیسپانی "لا فۆرتونا"یە کە لە کوباوە هاتووە و لە ساڵی 1748لە کاتی هێرشێکی شکستخواردوودا بۆ سەر شارۆچکەیەکی کۆلۆنیالیی ئەو سەردەمە، تەقیوەتەوە و نوقم بووە.
بەندەری برانزویک تاون لەو سەردەمەدا ناوەندێکی بازرگانیی گرنگ بووە لە ناوچەکەدا و بەناوبانگ بووە بە هەناردەکردنی کەرەستەی دار و قەتران بۆ هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا.
تیمێکی شوێنەوارناسی بە سەرپەرشتیی جەیسن راوپ و جێرمی بۆرێلی، پاشماوەی کەشتییەکیان دۆزیوەتەوە کە لە 47 تیری دار پێکهاتووە و پێیان وایە هی کەشتیی "لا فۆرتونا" بێت. بەڵگەی بەهێز بۆ ئەمەش دۆزینەوەی گۆزە و قاپوقاچاخی خەزەفی ئیسپانییە لە نزیک پاشماوەکان، هەروەها جۆری ئەو دارەی لە دروستکردنی کەشتییەکەدا بەکارهاتووە لە جۆری سرووە کە زیاتر لە ناوچەی کاریبی بەکاردەهێنرا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەشتییەکە لەو ناوچەیە دروستکراوە.
ناسنامەی سێ کەشتییەکەی تر هێشتا بەتەواوی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام شێوازی دروستکردنیان و ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لێیان دۆزراونەتەوە، دەریدەخەن کە ئەوانیش بۆ هەمان سەردەم و ناوچە دەگەڕێنەوە.
بەپێی تۆمارە مێژووییەکان، لە 4ی ئەیلوولی 1748 دوو کەشتیی ئیسپانی لە نزیک برانزویک تاون لەنگەریان گرتووە و هێرشیان کردۆتە سەر شارۆچکەکە. بەڵام دوای چەند رۆژێک، دانیشتووانی ناوچەکە هێرشێکی پێچەوانەیان ئەنجامداوە و لە کاتی شەڕەکەدا، کەشتیی "لا فۆرتونا" تەقیوەتەوە و نوقم بووە.
شایەنی باسە، بەهۆی زریانی بەهێزی کەناراوەکانەوە، پاشماوەی کەشتییەکان بە ناوچەیەکی بەرفراواندا بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش کاری گەڕان و لێکۆڵینەوەی داهاتووی قورستر کردووە.