جیهان چاوەڕوانە.. وردەکاریی لوتکەی نێوان ترەمپ و پوتن
راهۆز
١٥ی ئابی ٢٠٢٥
لە کاتێکدا چاوی جیهان لەسەر ویلایەتی ئالاسکایە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە لوتکەیەکی دووقۆڵیدا کۆببنەوە.
کارنامەی لوتکەکە بە گفتوگۆیەکی داخراوی نێوان هەردوو سەرکردە دەستپێدەکات، دواتر خوانێکی هاوبەش بە ئامادەبوونی وەفدی هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی پتەوکردنی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆیە. بڕیاریشە دوای کۆبوونەوەکە، ترەمپ و پوتین کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام بدەن.
لەلایەن خۆیەوە، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا رایگەیاند، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی دەبن لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراین و رێگاکانی پتەوکردنی هاوکاریی دوولایەنە. ئوشاکۆڤ وتیشی: "هاوکاریی نێوان روسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان توانایەکی گەورەی هەیە کە تا ئێستا سوودی لێوەرنەگیراوە."
یاریدەدەرەکەی پوتین ئەگەری ئەوەشی خستەڕوو کە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان هەردوو سەرۆک لە روسیا بەڕێوەبچێت.
خشتەی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتن بە کاتی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
- کاتژمێر 1:45ی پاشنیوەڕۆ: سەرۆک ترەمپ کۆشکی سپی بەجێدەهێڵێت و بەرەو شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئەلاسکا بەڕێدەکەوێت (کاتژمێر 6:45ی بەیانی بە کاتی واشنتن).
- کاتژمێر 10:00ی شەو: دوای گەشتێکی نزیکەی نۆ کاتژمێری، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن لە بنکەی سەربازیی ئێلمندۆرف-ڕیچاردسۆن دەست بە گفتوگۆکانیان دەکەن (کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ بە کاتی ئەلاسکا).