سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وردەکارییەکان بڵاویکردەوە، سەرۆکی مۆساد جەختی لە سەر پێویستیی ناوبژیوانان کردووە کە بۆ حەماسی روون بکەنەوە، بڕیاری کابینەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە، "جەنگی دەروونی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی جدییە"، ئەگەر پێشکەوتن لە دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان نەبیندرێت.

دوو بەرپرسی ئیسرائیلی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دەیڤید بارنیا سەرۆکی مۆساد سەردانی قەتەر دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بارنیا لە سەردانەکەیدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر "ڕێککەوتنی بارمتەکان" کردووە.

بەگوێرەی کەناڵ 12، سەردانەکەی بارنیا بۆ قەتەر لەکاتێکدایە هەوڵەکانی ئەمریکا، قەتەر، میسر و تورکیا بۆ گەیشتنە بە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەست بەسەرن.

سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئیال زامیر سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل هێڵکارییەکانی پلانی هێرشکردنە سەر کەرتی غەززەی پەسەند کردووە.

زامیر پێشتر رایگەیاندبوو، "بەپێی بڕیاری کابینەی حکومەت، دەچینە قۆناغێکی نوێ لە شەڕی غەززە".