بەهۆی پێدانی دەرمانی ئازارشكێنی خراپبوو لە نەخۆشخانەكانی ئەرجەنتین ، لەماوەی دوو هەفتەدا 87 كەس گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی نیشتمانیی ئەرجەنتین بۆ دەرمان و خۆراك و تەكنەلۆجیای پزیشكی رایگەیاندووە، لەماوەی دوو هەفتەدا 87 كەس بەهۆی پێدانی دەرمانی ئازارشكێنی پیسبوو بە بەكتریا لە چەند نەخۆشخانەیەكی ئەرجەنتین گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لێكۆڵینەوەكان گەیشتوون بەو ئەنجامەی كە دەرزی فنتانیلی ئازارشكێن كە دراوە بە نەخۆشەكان، بەهۆی سێ جۆری بەكتریاوە پیس بووە.

لەوبارەیەوە دەسەڵاتی دادوەریی ئەرجەنتین رایگەیاندووە، تاوەكو ئێستا لێپرسینەوە لە 24 كەس كراوە و دوو كۆمپانیا بە تۆمەتی فرۆشتنی دەرزییەكە تۆمەتبار كراون، كە پێنج بارهەڵگر دەرزییان بەسەر ناوەندە تەندروستیی و نەخۆشخانەكانی وڵاتەكەدا دابەشكردووە.

خێزانی ئەو كەسانەی بەهۆی پێدانی دەرزییەكەوە گیانیان لەدەستداوە ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامن لە خۆپیشاندان و پزیشكەكانیش باس لەوەدەكەن، پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاماری گیانلەدەستدان دەكەن.