كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر پێشێلكارییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەگرینەبەر.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، دەستەی كۆمیسیاران لیژنەیەكیان لە فەرمانگەی نیشتمانی و فەرمانگەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان پێكهێناوە بۆ چاودێریكردنی سەرپێچیكارانی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەستپێكردنی بانگەشەكانیان پێش ئەوەی دەستەی كۆمیسیاران وادەیەك بۆ دەستپێكردنی بانگەشە دیاری بكات، بەتایبەت كاندید یان ژمارەكانیان.

وتیشی، بە پێی یاساكانی كۆمیسیۆن هەر كەسێك لە كاتی بانگەشەدا پرنسیپەكانی كۆمیسیۆنەكەیان پەیڕەوە نەكات بە پێشێلكار هەژماردەكرێت، راشیگەیاند، نابێت لایەنەكان و كاندیدەكان لە كاتی بانگەشەدا بیری توندڕەوی مەزهەبی و لەکەدارکردنی كەسایەتی بەكاربهێنن.

جەختی لەوە شكردەوە، دەستەی كۆمیسیاران رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگرێتەبەر، كە سزاكانیش خۆی لە پێبژاردنی دارایی تا وەكو زیندانیكردنیش دەبینێتەوە.