ترەمپ باج ناخاتە سەر زێڕ و شەڕی گومرگیی لەگەڵ چین درێژکردەوە
١٢ی ئابی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هاوردەکردنی زێڕی ئەمریکا باجی زیادەی لەسەر نابێت، هاوکات شەڕی گومرگیی لەگەڵ چین تاسەرەتای مانگی 11 درێژکردەوە.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، گومرگی ئەمریکا رایگەیاند، هاوردەکردنی هەندێک کەلوپەلی نوێ باجی نوێیان لەسەر دەبێت، بەڵام ترەمپ لە تروس سۆشیال وتی، "هیچ باجێک لەسەر زێڕ داناندرێت" بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
ئەم ڕاگەیاندنەی ترامپ دوای ئەوە هات کە گومرگی ئەمریکا نامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا تیشکی خستە سەر نرخی زێڕ بە بڕی (2.8 کیلۆگرام) باجی دەخرێتە سەر، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی لە هەینی رابردوودا لە بازاڕی ئەمریکا.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێک کە کەناڵی سی ئێن بی سی بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە نادڵنیایی چارەنووسی ئاگربەستی گومرگیی نێوان ئەمریکا و چین هێناوە، لە دوای ئیمزاکردنی فەرمانێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی 90 رۆژی دیکە تایبەت بە زیادکردنی رێژەی باج لەسەر کاڵاکان.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە کە تا سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر بەردەوام دەبێت، بوارێکی زیاتر دەدات بە هەردوولا بۆ دانوستان و هاوکاتە لەگەڵ وەرزی هاوردەکردنی پێش جەژنی سەری ساڵ.
بڕیار بوو باجەکانی ئەمریکا لەسەر کاڵای چینی بۆ لەسەدا 145 بەرزببێتەوە، هاوکات بڕیار بوو باجی چینی لەسەر کاڵای ئەمریکی بۆ لەسەدا 125 بەرزببێتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کاڵاکانیان دروستکردبوو.
لە ئێستادا هەناردەکردنی کاڵای چین بۆ ئەمریکا باجی لەسەدا 30ی لەسەرە، کە لەسەدا 10ی باجی بنەڕەتی و لەسەدا 20ی باجی فێنتانیڵە کە لەلایەن واشنتۆنەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیادکراوە.