ئەمڕۆ میدیاکانی چین نوێترین جۆری رۆبۆتی جەنگیان ئاشکراکردن کە ناوی "گورگی بکوژ"ە  و دەتوانرێت چەکی جۆراوجۆری لێببەسترێت و بۆ مەبەستی سەربازی جیاواز بەکاربهێنرێت.


کەناڵی سی سی تی ڤی فەرمی چین رایگەیاند، ئەم جۆرە رۆبۆتە نوێیە کە لەشێوەی گورگە مۆدێلێکی نوێی پیشکەوتووتری رۆبۆتەکانی پێشووترە کە لەشێوەی سەگ دروستکراون و توانایەکی بەرزی پێکانی ئامانجەکانی هەیە و هەمان ئەرکی سەربازەکان دەبینێت لە مەیدانی جەنگدا، هەروەها زیانە گیانیەکانی سەربازەکانی سوپاش کەمدەکاتەوە.

راشیگەیاند، چین بەشێوەیەکی بەرفراوان وەبەرهێنان دەکات لە کەرتی تەکنەلۆژیای سەربازی بەتایبەت رۆبۆتە جەنگیەکان، بەشێک لە شارەزایانی سەربازیش پێیانوایە تواناکانی چین لە روی بەرەو پێشبردن و داهێنانەوە تواناکانی ئەمریکای تێپەڕاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆبۆتی نوێی "گورگ" توانای هەیە لە چەندین ژینگەی سەخت لە مەیدانی جەنگدا جموجوڵ بکات و توانای پێکانی ئامانجەکەی هەیە لە دووری 100 مەترەوە بەوردی، هەروەها توانای سیخوڕیکردن و کۆکردنەوەی زانیاریەکانی هێزەکانی دوژمنی هەیە.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، رۆبۆتەکان لە مەیدانی جەنگدا دەتوانن هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا بکەن، لەشێوەی گەلەگورگی راستی کە یەکێک لە رۆبۆتەکان لە پێشێوە سیخوڕی بەسەرناوچەی دوژمندا دەکات و ئەوانی دیکەش هێرشدەکەن.