لە راگەیەندراوەکەی دەم پارتی دا هاتووە؛ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە و کار لەسەر چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد دەکات، وەک هەنگاوێکی گرنگ لە چوارچێوەی تێکۆشانی چەندین دەیەی گەلاندا بۆ دادپەروەری، یەکسانی، دیموکراسی و ئاشتی دەیبینین.

ئاماژە بەوەشدراوە؛ جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە کارەکانی کۆمیسیۆنەکە بە پشتبەستن بە ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیانە و زەمینەی دانوستان و دیالۆگ بەڕێوەبچێت.

دەم پارتی روونی کردووەتەوە؛ داواکاری ئاشتی، ئیرادەی هاوبەشی گەلانە. ئێمە سوورین لەسەر پێشکەشکردنی پشتیوانی لە هەموو ئاستێکدا بۆ گەشەپێدانی ئەم ئیرادەیە.



کۆمسیۆنی ئاشتی لە 51 ئەندام پێکدێت، بەڵام تائێستا لایەنەکان 48 کاندیدیان پێشکەشکردووە، بڕیارەکانی کۆمسیۆنیش بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگی ئەنجامەکانی دەردەکرێن و نابێت سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش دەنگ لەسەر بڕیارەکان بدات.

ئەمڕۆ ئەو کۆمسیۆنە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا، نوعمان کورتوڵمووش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند؛ ''لە مێژووی گەلەکان هەندێک سات هەن، نەک تەنیا ئەو رۆژە و ئەو ساتە، بەڵکو ئاراستەی ئایندەی ئەو گەلانەش دیاری دەکات؛ ئەمڕۆش یەکێکە لەو رۆژانە''.