مێشک رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە زۆربەی کارە جەستەیی و دەروونی و سۆزدارییەکاندا، بەڵام هەندێک خۆراک و خواردنەوە کاریگەری نەرێنییان لەسەر تەندروستی مێشک هەیە و مەترسی  تێکچوونی فرمانەکانی مێشک زیاد دەکەن.

ماڵپەڕی پزیشکی "هێڵس لاین" لیستێکی لەو خۆراک و خواردنەوانە بڵاوکردووەتەوە کە ئامۆژگاری دەکرێت کەمبکرێنەوە بۆ پاراستنی مێشک لە زیانە جۆراوجۆرەکان، کە بریتین لە:

خواردنەوە شەکرییەکان

ئەم خواردنەوانە وەک خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوەکانی وزەبەخش، خواردنەوە وەرزشییەکان و شەربەتی میوەکان دەگرێتەوە. بەکاربردنی بەرزی ئەم خواردنەوانە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و کلۆربوونی ددانەکان زیاد دەکات، جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکەی لەسەر مێشک.

توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2023 ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی کە بڕێکی زۆر شەکریان خواردووە، دوو هێندەی ئەوانەی بڕێکی کەمتریان بەکارهێناوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە (خەرەفان) زیاتر بووە. هەروەها توێژینەوەکان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵان دەریانخستووە کە بەکاربردنی زۆری شەربەتی گەنمەشامی کە فرەکتۆزی بەرزە، رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوچەی "هیپۆکامپەس"ی مێشک هەبێت کە بەرپرسە لە فێربوون و یادەوەری. بە تێپەڕبوونی کات، ئەمە لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە زانستییەکانی وەک بیرچوونەوە زیاد بکات.

کاربۆهیدراتە پاڵاوتەکان:

ئەم جۆرە کاربۆهیدراتانە دانەوێڵە زۆر پاڵاوتەکان وەک ئاردی سپی لەخۆدەگرن. تایبەتمەندی ئەم کاربۆهیدراتانە ئەوەیە کە جەستە بە خێرایی هەرسان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی شەکر و ئەنسۆلین لە خوێندا. خواردنیان بە بڕی زۆر، دەبێتە هۆی "باری گڵایسیمی بەرز"، واتە کاریگەری گشتی خۆراک لەسەر ئاستی شەکری خوێن. دەرکەوتووە ئەو خۆراکانەی کە نیشانەی گڵایسیمی و "باری گڵایسیمی بەرز"یان هەیە، کار لە فرمانەکانی مێشک دەکەن. هەندێک توێژینەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەکاربردنی درێژخایەنی کاربۆهیدراتە پاڵاوتەکان لەوانەیە کاربکاتە سەر ناوچەکانی وەک "هیپۆکامپەس" و بەشی پێشەوەی مێشک کە پەیوەستن بە یادەوەری، فێربوون، بڕیاردان و رەفتاری کۆمەڵایەتییەوە.

خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە چەورییە گۆڕاوەکان:

چەورییە گۆڕاوەکان جۆرێکن لە چەورییە ناتێرەکان کە رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مێشک هەبێت. سەرەڕای بوونی سروشتی ئەم چەورییانە لە گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا، بەڵام جێگەی نیگەرانی چەورییە گۆڕاوە پیشەسازییەکانە (زەیتە هایدرۆجینکراوەکان). بەپێی توێژینەوەکان، خواردنی بڕێکی زۆری چەورییە گۆڕاوەکان لەوانەیە یادەوەری لە کەسانی خوار تەمەنی 45 ساڵ لاواز بکات. هەروەها، ئەم چەورییانە لەوانەیە هەوکردن و ئاستی ئەنسۆلین و کۆلیسترۆڵ زیاد بکەن، کە ئەمەش بە نۆرەی خۆی کاریگەری لەسەر مێشک دەبێت. لە بەرامبەردا، ئەو چەورییانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا-3 بەسوودن و رەنگە مێشک لە تێکچوونی زانستی و نەخۆشی ئەلزەهایمەر بپارێزن.

خۆراکە زۆر پێشکەوتووەکان (Ultra-processed foods)

ئەم خۆراکانە بڕێکی زۆر لە شەکر، چەوری، سۆدیۆم و ماددەی پارێزەریان تێدایە، وەک جپسی پەتاتە، شیرینییەکان، نۆدڵز، پۆپکۆرنی مایکرۆوەیڤ، ژەمە ئامادەکراوەکان و پیتزای بەستوو. بەپێی توێژینەوەیەک، بەکاربردنی زیاتر لە %19.9ی کالۆری رۆژانە لەم خۆراکانەوە بۆ ماوەی  8ساڵ، مەترسی پاشەکشەی توانای مێشک زیاد دەکات. مەترسی ئەم خۆراکانە لەوەدایە کە هەوکردن لە جەستەدا زیاد دەکەن و قەبارەی ناوچەی "هیپۆکامپەس" و ماددەی خۆڵەمێشی مێشک کە پەیوەستە بە بیرکردنەوە، یادەوەری و سۆزەوە، کەمدەکەنەوە.

ئەسپارتام:

ئەسپارتام شیرینکەرێکی دەستکردە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەندکراوە بۆ بەکارهێنان لە بەرهەمە بێ شەکرەکاندا. بەکارهێنانی ئەسپارتام بە سەلامەت دادەنرێت ئەگەر لە سنووری دیاریکراودا بێت. بەڵام بەپێی توێژینەوەکان، زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانیدا مەترسییەکانی وەک کێشەی فێربوون، دڵەڕاوکێ، سترێس و خەمۆکی لێدەکەوێتەوە، چونکە رەنگە دەستوەردان لە بەرهەمهێنانی گەیەنەرە دەمارییەکان بکات و مێشک بخاتە ژێر فشاری ئۆکسانەوە.