ئێران؛ رەزامەندی لەسەر سەردانی وەفدێکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەربڕی
رەوەز
٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێشوازیکردن لە وەفدێکی تەکنیکیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر "میکانیزمێکی نوێ" بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئاژانسەکە.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ نیویۆرک بە رۆژنامەنووسانی وت: "وەفدەکە دێتە ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکە، نەک بۆ سەردانیکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان."
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە تاران لە سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، هەڵپەساردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راگەیاند، کە شارەزایان بە "قۆناغێکی مەترسیدارتر"ی قەیرانەکە وەسفیان کرد.
بڕیاری هەڵپەساردنی هاریکارییەکان دوای ئەوە هات کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، یاسایەکی پەسەند کرد کە لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر درابوو. ئەم یاسایە دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هات، تاران هەڕەشەی لێپرسینەوەی لە ئاژانسەکە و بەڕێوەبەرە گشتییەکەی کرد و بە "هاودەستی لە تاوانەکان" تۆمەتباری کردن.
لە هەمان مانگدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاندبوو کە پشکنەرەکانیان ئێرانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ بارەگای ئاژانسەکە. بە وتەی ئاژانسەکە، پشکنەرەکان لە ماوەی پەرەسەندنە سەربازییەکاندا لە تاران مابوونەوە.
مەرجی تاران بۆ دەستپێکردنەوەی هاریکارییەکان
لە 10ی تەممووز، مەسعود پزیشکیان بە ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپای راگەیاند کە بەردەوامیی هاریکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەندە بەوەی کە ئاژانسەکە "هەڵوێستە دژ بەیەکەکانی" خۆی بەرامبەر بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران راست بکاتەوە.
پزیشکیان هۆشداریشی دا کە ئەگەر هێرشکردنە سەر ئێران دووبارە ببێتەوە، وەڵامی تاران "توندتر و بە ئازارتر" دەبێت.