بڕیارە رۆژی هەینی، دادگای پێداچوونەوەی فەرەنسا، کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لەو وڵاتە، بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر ئەو تانەیەی لە فەرمانی دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی رژێمی سوریا دراوە، دەربکات. بڕیارەکە وەک پرسێکی چارەنووسساز چاوی لەسەرە و پەیوەستە بە تۆمەتبارکردنی ئەسەد بە دەست هەبوون لە هێرشە کیمیاییەکانی ساڵی 2013 کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس.
بڕیارە دانیشتنی دادگاکە رۆژی هەینی بەشێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوەبچێت و راستەوخۆ لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخش بکرێت، تێیدا یەکلایی دەکرێتەوە کە ئایا فەرمانی دەستگیرکردنەکە یاساییە یان نا، هەروەها تا چەند دەتوانرێت پارێزبەندیی سەرۆکایەتی (حصانة رئاسية) لە کەیسەکاندا ببەزێنرێت کە گومانی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتییان لەسەرە.
ئەو تۆمەتە چییە کە ئاڕاستەی ئەسەد کراوە؟
کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشە کیمیاییانەی کە درانە پاڵ رژێمی سوریا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەددا، دیارترینیان هێرشی سەر غوتەی رۆژهەڵات بوو لە 21ی ئابی 2013، کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا، زیاتر لە هەزار کەس بە گازی سارینی ژەهراوی کوژران. ئەمە جگە لە هێرشەکانی دیکە بۆ سەر ناوچەکانی عەدرا و دوما لە رۆژانی چوارەم و پێنجەمی هەمان مانگدا، کە بووە هۆی برینداربوونی 450 کەس.
لە تشرینی دووەمی 2023، دوو دادوەر لە پاریس فەرمانێکی دەستگیرکردنی پێشینەنەکراویان بۆ سەرۆکێکی کارای وڵات دەرکرد و ئەسەدیان بە "هاوبەشیی کردن لە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ" تۆمەتبار کرد.
دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس لە حوزەیرانی 2024دا پشتگیریی لە فەرمانەکە کرد و رایگەیاند "ئەو تاوانانە ناچنە چوارچێوەی ئەرکە فەرمییەکانی سەرۆکی وڵاتەوە." ئەم هەڵوێستە مشتومڕێکی فراوانی لە ناوەندە یاسایی و دیپلۆماسییەکاندا دروست کرد.
رەنگە پارێزبەندییەکەشی فریای نەکەوێت:
داواکاری گشتیی فەڕەنسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، شانبەشانی داواکاری گشتیی تێهەڵچوونەوە، بەپەلە تانەیان لە بڕیارەکە دا و پشتیان بە بنەمای پارێزبەندیی رەهای سەرۆکی وڵاتان لەبەردەم دادگا بیانییەکاندا بەست، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
بەڵام کەیسەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک داواکاری گشتیی لای دادگای پێداچوونەوە، ریمی هیتز، پێشنیازێکی ناوازەی خستەڕوو و داوایکرد پارێزبەندیی کەسیی ئەسەد هەڵبوەشێنرێتەوە، لەبەر ئەوەی فەرەنسا لە ساڵی 2012ەوە چیتر دان بە شەرعییەتی ئەودا نانێت وەک سەرۆک، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو "تاوانە بەکۆمەڵانەی دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامدران."
سیناریۆ ئەگەرییەکانی بەردەم بڕیارەکە، چین؟
لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دەستگیرکردنەکە: دادوەرانی لێکۆڵەر دەتوانن فەرمانێکی نوێ دەربکەن، بەڵام لەو کاتەدا ئەسەد دەتوانێت پشت بە پارێزبەندیی کارایی (حصانة وظيفية) ببەستێت وەک "سەرۆکێکی پێشووی وڵات" کە کارەکانی لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکە فەرمییەکانیدا ئەنجامداوە.
لە ئەگەری پەسەندکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە: بڕیارەکە وەک پێشینەیەکی یاسایی فەڕەنسی و ئەوروپی لە دژی پارێزبەندیی سەرۆکایەتی هەژمار دەکرێت و رێگایەک بۆ دەستپێکردنی لێپرسینەوەی دادوەریی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەسەد لەبەردەم دادگا تاوانکارییەکاندا دەکاتەوە.