ماوەی چەند رۆژێكە ئاگر لە چەند ناوچەیەكی توركیا كەوتوتەوە و تا ئێستاش ئاگرەكە بە تەواوەتیی كۆنتڕۆل نەكراوە و روبەڕێكی زۆری دارستانەكان سوتاون.
 
میدیاكانی توركیا بلاویانكردەوە، ئاگرەكان لە ناوچەكانی تەكیرداغ، چاناك قەڵا، بۆڵو و كۆنیا كەوتوەتەوە و زیانێكی زۆری بە دارستانەكانی ئەو ناوچەیە گەیاندوە و ژمارەیەك كەسیش بەهۆی دوكەڵی ئاگرەكانەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراون.
 
میدیای توركیا بڵاویان كردوەتەوە، لە ناوچەی شاركۆی تەكیرداغ بەهۆی ڕەشەباوە ئاگرەكە پەرەی سەندوە و چەند گەڕەكێك چۆڵكران و هەندێك خانووش لەو ناوچەیە سوتاون، و سەرەڕای هەوڵەكان بەڵام نەتوانراوە ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكرێت، ناوچەی ئایڤاجكی چاناك قەڵاش سێ گوند چۆڵكران.