وەزیری کشتوکاڵی تورکیا رایگەیاند، ساڵی رابردوو وڵاتەکەی لە پلەی حەوتەمی جیهاندا بووە بۆ داهاتی بەرهەمی کشتوکاڵی و داهاتی ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵانی پێش خۆی بە رێژەی 7٪ بەرزتربووەتەوە.

ئیراهیم یوماکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵانی پێشووتر داھاتی تورکیا لە بەرھەمی کشتوکاڵیدا، بەرێژەی 7٪ بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.

باسی لەوەشکرد، تورکیا ساڵی رابردوو لە داھاتی بەرھەمی کشتوکاڵیدا لەسەر ئاستی جیھان پلەی حەوتەمی بەدەستھێناوە بەو پێیەی داھاتی بەرھەمی کشتوکاڵی تورکیا لە ساڵی رابردوودا، گەیشتووەتە ٧٤ ملیار دۆلار.

ئەوەشی خستووەتە روو، بە پشتبەستن بە داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، بۆ یەکەمجار تورکیا بەربەستی ٧٠ ملیار دۆلاری لە داھاتی بەرھەمی کشتوکاڵیدا تێپەڕاند.

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرهەمهێنە و بەرهەمەکانی هەم لە ناوخۆی وڵاتی خۆی بەکاردەهێنێتەوە هەم هەناردەی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، کە پانتاییەکی گەورەی لە داهاتی ئەو وڵاتەدا داگیر کردووە.