ئێران: رەوشەكە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا گونجاو نییە
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، رەوشەكە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا گونجاو نییە.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی باڵیۆزی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس"ی هەواڵی ئەمریكا وتی، ئەگەر ئەمریكا بیەوێت مەرجیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەنجامدانی دانوستان ئەستەمە، لە ئێستاشدا رەوشەكە گونجاو نییە بۆ دەستپێكردنەوەی هیچ جۆرە دانوستانێك.
ئەو دیپلۆماتكارە ئێرانییە رەتیشیكردەوە، وڵاتەكەی هیچ جۆرە هەڕەشەیەكی ئاڕاستەی رافایل گروسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و لێكۆڵەرەوانی ئاژانسەكە كردبێت.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی باڵیۆزی ئێران جەختیشیكردەوە، ئێران دەستبەرداری مافی خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتی نابێت.