چارەنووسی شەڕی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا نادیارە
رەوەز
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کۆتاییهاتنی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلی راگەیاند، چارەنووسی شەڕی غەززە لە نێوان تەل ئەبیب و بزوتنەوەی حەماس هێشتا نادیارە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە رایگەیاندبوو کە گەیشتوونەتە رێکەوتنێک بۆ ئاگربەستی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا.
بەڵام ئاگربەستەکەی نێوان تاران و تەل ئەبیب زۆر درێژەی نەکێشا، چونکە هەردوو لا تۆمەتی پێشێلکردنی رێکەوتنەکەیان خستە ئەستۆی یەک و هەڕەشەیان لە هێرشکردنە سەر یەک کرد.
سەرۆکی ئەمریکی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند کە هەردوو ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستەکەیان پێشێل کردووە کە پێشتر رایگەیاندبوو، و وتیشی کە "رازی نیم لە هیچ کامیان، بەتایبەتی ئیسرائیل".
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن:
فریاگوزار و دانیشتووانی غەزە رایانگەیاندووە، کە تەنای ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە 40 فەلەستینییان لە ئەو ناوچەیە کوشتووە و فەرمانی گواستنەوەی نوێیان بۆ دانیشتووانەکە دەرکردووە.
بەپێی راپۆرتێکی سکای نیوز؛ رێکەوتنەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هیوایەکی بۆ فەلەستینییەکان گەڕاندووەتەوە کە شەڕی نێو شار و ناوچەی ئەوانیش کە زیاتر لە 20 مانگە بەردەوامە، کۆتایی پێبێت. کە بووەتە هۆی کوژران و ئاوارەکردنی زۆرێک لە دانیشتووانی ناوچەکە.
سەرچاوەکانی نزیک لە حەماس بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە؛ چەند هەوڵێکی نوێ بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە گفتوگۆ هەیە لە فەلەستین.
سەرچاوەکان رایانگەیاندووە؛ کە حەماس ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەر پێشنیارێک کە "کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەزە جێبەجێبکات".
فەڕەنسا و ئەڵمانیا داوای ئاگربەست دەکەن لە غەززە:
سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، ئەمڕۆ سێشەممە، کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران – ئیسرائیل، جەختی لەسەر گرنگی گەیشتن بە ئاشتی لە غەززە کردەوە.
ماکرۆن لە سەردانێکی رەسمیدا بۆ ئۆسلۆ رایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی لە ئێران رودەدات، جەخت لەسەر پێویستی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەزە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی دەکەمەوە".
لە لایەکی ترەوە، فریدریش میرتس سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا رایگەیاند، "کاتەکە هاتووە" بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە.
چارەنووسی غەززە "نادیارە"
رۆژنامەی "تایمز" ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕ لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، لەوانەیە هەندێک لەبیریان چووبێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە و هیچ کۆتاییەکی روونی نییە.
دوای راگەیاندنی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، هاووڵاتیان و بەشێک لە بەرپرسان لە ناوخۆی ئیسرائیل داوایان کرد، کە ئیدارەی ناتانیاهۆ سود لە دەرفەتەکە وەربگیرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلی یائیر لاپید داوای کۆتاییهێنان بە هێرشە سەربازییەکەی سەر غەززەی کرد. لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسی: "ئێستا غەززە. کاتەکە هاتووە بۆ کۆتاییهێنان بەوێش. بارمتەکان بگەڕێننەوە، شەڕەکە کۆتایی بهێنن".
هەروەها کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕی غەزەیان کرد. لە راگەیەندراوێکی مەکتەبی خێزانەکانی بارمتە و ونبووەکاندا هاتووە: "داوا لە حکومەت دەکەین کە بەشداری گفتوگۆیەکی بەپەلە بکات کە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوو: "ئۆپەراسیۆنە 12 ڕۆژییەکە لە ئێران کۆتایی پێهات - ئێستا کاتی کۆتاییهێنان بە شەڕە 627 ڕۆژییەکە".
بەڵام سموتریچ وەزیری داراییی ئیسرائیل، کە بە بۆچونە توندەکانی لەسەر حەماس بەناوبانگە، دژ بەو بۆچونانە رایگەیاند: "ئێستا بە هەموو هێزمانەوە بەرەو غەزە دەڕۆین، بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە: لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکانمان".
وەزارەتی تەندروستی غەزە رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، کە ژمارەی کوژراوان لە ناوچەکە گەیشتووەتە 55،998 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.