د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 6ـی 2025، لەگەڵ د. مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبوەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە پرۆسەی یاسادانان و چاودێریکردندا کردەوە و پێویستی سودوەرگرتنی لە ماوەکانی دانیشتنی ئێستای ئەنجومەنەکە بە گرنگ زانی بەمەبەستی تەواوکردنی پڕۆژە یاساکانی پەیوەست بەداواکاری و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەسەندنەکانی روداوە ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عیراق و پێویستی پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەرییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووری کرا

لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران د. مەشهەدانی سوپاسگوزاری خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ سەردانی ئەنجومەنەکە و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر مەسەلە یاسایی و سیاسییە جۆراوجۆرەکان و پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا گرنگەکان کە لەقۆناغی تەواوبووندان و ئامادەن بۆ دەنگدان.