سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست رایگەیاند کە دڵخۆشە بەوەی ئیلۆن مەسک پەشیمانیی خۆی لە بۆچون و رەخنەکانی بەرانبەر ئەو دەربڕیوە.

ترەمپ وتی: “دڵخۆشم بەوەی ئیلۆن مەسک لە قسەکانی لەبارەی منەوە پەشیمانە و پێم وایە کارێکی باشی کردووە.”

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیبووی: “پەشیمانم لە هەندێک لەو قسانەی کە هەفتەی رابردوو لەبارەی سەرۆکی ئەمەریکاوە کردبووم.”

مەسک باسی لەوەش کردبوو کە “قسەکانم لەبارەی ترەمپ زیادەڕۆیی زۆری تێدا بوو، هەروەها ترەمپ پەیوەندیی بەو بابەتانەوە نەبوو کە من باسم کردبوو.”

تێکچونی دۆستایەتیان: 

پێشتر دۆناڵد ترامپ و ئیلۆن مەسک هاوپەیمانێکی نزیکی یەکدی بوون، بەڵام بەم دواییە مەسک رەخنەی توندی ئاراستەی پرۆژە یاساییەک کردبوو کە لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە پێشنیاز کرابوو، بەمەش دۆستایەتی نێوانیان بە تەواوی تێکچوو.

مەسک کە سەرۆکی پێشووی ئاژانسی کارامەیی حکوومەت بووە، بەرەو دوورکەوتنەوە لە ترامپ چووبوو تا ئەو کاتەی کە پەشیمانییەکەی راگەیاند.