زیمبابۆی دەیان فیل دەکاتە قوربانی؛ عاجەکەی بۆ دەوڵەت و گۆشتەکەی بۆ خەڵک
هەساو ئەمیر
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فیلەکان، دەستەی ژیانی وشکانی زیمبابۆی بڕیاریداوە بە سەربڕینی دەیان فیل و دابەشکردنی گۆشتەکەی بەسەر هاووڵاتیاندا، عاجەکەشی بۆ دەوڵەت دەبێت.
دەستەی ژیانی وشکانی لە زیمبابۆی بڕیاریداوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فیلەکانی ئەو وڵاتە و ئەو هەڵاوسانەی لەسەر ئاژەڵان دروست بووە، بە دەیان فیل سەرببڕێت و عاجەکەی بۆ دەوڵەت بێت و گۆشتەکەشی بەسەر خەڵکدا دابەش بکات.
زیمبابۆی لەرووی ژمارەی فیلەوە، لە دوای بۆتسوانا بە دووەم وڵاتی جیهان دادەنرێت.
دەستەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەرچی هێشتا ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی سەردەبڕدرێن دیاری نەکراوە، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا 50 فیل دەکرێنە قوربانی.
ئەگەرچی زیمبابۆی عاجەکانی بۆ دەوڵەت هەڵدەگرێت، بەڵام لەئێستادا جگە لە کۆگاکردنیان، بەهۆی قەدەغەی بازرگانیکردن بە عاجی فیلەوە لە جیهاندا، ناتوانێت هیچ مامەڵەیەک بەو عاجانەوە بکات.
ساڵانە زیمبابۆی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فیلەکان و رێگری لە قەیرانی خۆراک و وشکەساڵی، یان ئەو ئاژەڵانە دەگوازێتەوە بۆ وڵانی دیکە، یانیش دەیانکاتە قوربانی.
ساڵی رابردووش زیمبابۆی 200 فیلی کردە قوربانی، کە لە ساڵی 1988ـەوە بە گەورەترین ژمارەی سەربڕێنی فیلەکان دادەنرێت لەو وڵاتەدا.