شانەی ئەمنی عیراق: لە رێگای فڕۆکەی F-16 شەش تیرۆرستمان لە سنوری سەڵاحەدین لەناوبرد
هەساو ئەمیر
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥
شانەی ئەمنی عیراق رایگەیاندووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا و لەرێگای فڕۆکەی F-16ـەوە، شەش تیرۆرستیان لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین لەناو بردووە.
شانەی ئەمنی عیراق رایگەیاندووە، دوای دوو مانگ لە چاودێریکردن و بەدواداچوون، شەوی رابردوو و بەیانی ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان؛ ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان لە سنوری سەڵاحەدین ئەنجام داوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا فڕۆکەی F-16 و سیسنا کاراڤان بەکارهاتوون و مۆڵگەیەکی تیرۆرستانیان پێ بۆردومان کردووە، لە ئەنجامدا شەش تیرۆرست کوژراون.
ئەوەش هاتووە، هێزەکانیان لە چاودێری و ئۆپەراسیۆنی بەردەوامدان بۆ لەناوبردنی سەرجەم تیرۆرستان و پاککردنەوەی عیراق لەو گروپە چەکدارانە.
ئەگەرچی لە ساڵی 2017ـەوە کۆتاییهێنان بە گروپی تیرۆرستی داعش لە عیراقدا راگەیەنراوە، بەڵام هێشتا شانە نووستووەکانی ئەو گروپە لە چەند ناوچەیەکی عیراقدا بەتایبەت ئەو شوێنانەی بۆشایی ئەمنیان تێدایە، بوونیان ماوە و هەوڵی خۆرێکخستنەوە دەدەن.