وەزارەتی دارایی: موچەی شەش مانگی فەرمانبەرانی گرێبەست خەرج دەکرێت
محەمەد رزگار
٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەنراوێكی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی گرێبەست بڵاوكردەوە و دەڵێت: موچەی چەند مانگێکی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت کە لەساڵی 2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بڵاویکردەوە، ئەو فەرمانبەرانەی ساڵی 2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی دامەزراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناو لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەمانگانە دەچێتە بەغداد قبوڵ نەکراون و ماوەی چەند مانگێکە شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژی چوارشەممەوە موچەی مانگی نیسانی ساڵی 2025ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، هاوکات موچەی مانگەکانی ئادار و نیسان و ئایار و حوزەیران و تەموزی ساڵی رابردووی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت، کەلەو مانگانە دامەزراون و شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، لەمانگەکانی داهاتوودا لەگەڵ خەرجکردنی موچەی مانگانەیان قۆناغ بە قۆناغ ئەو موچانەشیان بۆ خەرج دەکرێتەوە کە لەساڵی رابردووەوە تا ئێستا پێیان نەدراوە.
ئەوەشی خستەروو، لە مانگی داهاتووەوە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە مانگانە لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا موچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت کە تێکڕای تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.