وتەبێژی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی رایگەیاند، بۆ گەڕی داهاتووی دانووستانەكان لەگەڵ پارتی، یەكێتی گۆڕانكاری دەكات لە جۆری پۆستە دڵخوازەكانی لە حكومەتی داهاتووی هەرێم.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دانووستانكاری یەكێتی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بۆ گەڕی داهاتووی دانووستانەكانیان لەگەڵ پارتی، یەكێتی گۆڕانكاری دەبێت لە جۆری پۆستە دڵخوازەكانی لە حكومەتی داهاتووی هەرێم، بەمەبەستی گەیشتن بە دەرچەیەك بۆ ئەم قۆناغەی دانووستانەكان.

ئەوەشی خستەڕو، گۆڕانكارییەكان لە پۆستە باڵاكان و سیادییەكان دەبێت، بە ئامانجی زووتر پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم و چالاككردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان.

ئەوەش لەكاتێكدایە، تائێستا چەند جارێك وەفدی باڵای دانووستانكاری یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم كۆبوونەتەوە و لەسەر رەشنووسێكی ستراتیژی بۆ شێوازی كاركردنی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن، بەڵام تاكو ئێستا لەسەر پۆستەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.