وەزارەتی تەندروستی هەرێم سێ حاڵەتی توشبوون بە ئایدزی راگەیاند و دەڵێت: هەر سێ توشبووەکە بیانین.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای پشکنینی تاقیگەیی رۆژانە بۆ کارمەندانی شوێنە گشتیەکان و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی، لەلایەن تاقیگەی تەندروستی گشتی، سێ حالەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز لەلایەن تیمەکانی تەندروستی دەستنیشانکرا، ئاماژەی بەوەشکردووە، توشبووەکان لە ئارایشتگەیەکی ژنان لە هەولێر کاریان دەکرد و هەموویان بیانی بوون و لایەنی پەیوەنداری لێ ئاگادارکرایەوە و رێککاری پێویست گیراوەتەبەر.

راشیگەیاندووە، چاودێری تەندروستی هەموو شوێنێک دەکرێت و سەلامەتی هاووڵاتیان دەپارێزین، رێککاری یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ هەر شوێنێک بێ مۆڵەتی تەندروستی یان مۆڵەتی بەسەرچووبێت و کاربکات.

وەزارەتی تەندروستی هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە خۆیان دوور بگرن لە شوێنی نارەسمی، پێویستە سەردانی شوێنی رەسمی بکەن و لە شوێنە گشتیەکان پرسیاری مۆڵەتی تەندروستی بکەن، هەروەها لە هەر گومانێک لە نەبوونی مۆڵەت یان دیاردەیەکی نا تەندروست ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە لەڕێگەی هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی یان سندوقی سکاڵا تیمەکانی تەندروستی ئاگادار بکەنەوە.