لە بەرانبەر گرێبەستە نوێیەكانی لە ئەمریكا، عیراق سكاڵایەكی یاسایی دژی هەرێمی كوردستان تۆمار كرد.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سێ سەرچاوەوە رایگەیاندووە، وەزارەتی نەوتی عیراق سكاڵای یاسایی لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە لەسەر ئەو گرێبەستە  لە بواری نەوت وغاز لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئیمزای كردووە لە چەند رۆژی رابردوودا.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەم رێكارە یاساییە نوێیە، ئاماژەیە  بۆدروستكردنی بەربەست لە هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری نەوتی عیراق _ توركیاوە، سەرەڕای فشارەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەو مەبەستە.

هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی ئیمزاكردنی دوو رێككەوتننامەی وزەی بە بەهای 110 ملیار دۆلار لە ئەمریكا كرد كە بریتین لە پەرەپێدانی كێڵگە نەوتی و غازییەكانی میران و تۆفان و كوردەمیر لە چەمچەماڵ و گەرمیان.

بەغداد لەوبارەیەوە رایگەیاند، مامەڵەی راستەوخۆی كۆمپانیاكان و حكومەتی هەرێم بەبێ  رەزامەندی حكومەتی فیدراڵ، پێشێلكردنی دەستوورە، هەربۆیە بە نایاسایی و پوچەڵ وەسفی كردن.