لە سلێمانی دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی فرۆشتنی سەماعەی قۆپیکردن دەستگیرکران، هەروەها ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: دەیانویست بە رێگەی ئۆنڵاین ئامێرەکانیان ساغبکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، لەڕۆژی 18-5-2025 دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، هەوڵێکی فرۆشتنی "بیستۆک" سەماعەی قۆپیکردن بەشێوازی فرۆشتنی ئۆنلاین شکست پێهێنرا و تۆمەتباران دەستگیرکران کە بەنیازبوون ئامێرەکانیان ساغبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بۆ رێگریکردن لەهەر هەوڵێکی مامەڵەکردن بە 'ئامێرەکانی قۆپیەکردن و پرسیاری ئەزموونەکان' بەردەوامە، بەمەبەستی فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان.

ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی ( 240 )لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە .