ئاسیاسێڵ لە کۆبونەوەی ساڵانەی دەستەی گشتیدا دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150٪  پەسەندکرد، هاوکات کۆمپانیاکە رایگەیاندووە: بەردەوام دەبین لە داهێنان و باڵادەستی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ راگەیەنراوێکی بڵاوکردوە و ئاشکرایکردووە، دەستەی گشتی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگ لە بواری پەیوەندییەکان لە عیراقدا، لە سلێمانی کۆبونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی فاروق مستەفا رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن ئەنجامدا، خاوەن پشکەکان بە کۆی دەنگ رەزامەندی خۆیان لەسەر سەرجەم بەندەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە راگەیاند.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە سەرەکییانەی کە لە میانی کۆبونەوەکەدا دران، بریتی بوون لە پەسەندکردنی راپۆرتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و راپۆرتی وردبینی دارایی و تۆمارە داراییەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی دارایی 2024، هەروەها راسپاردنی وردبینێکی دەرەکی دارایی بۆ پێداچوونەوە و وردبینیکردنی ژمێرەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی 2025.

ئاسیاسێڵ راشیگەیاند، دەستەی گشتی دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150٪ ـی لە سەرمایەکە پەسەندکرد، بە بڕی 1.5 دینار بۆ هەر پشکێك کە دەدرێت بە سەرجەم خاوەن پشکەکانی کۆمپانیا کە لە لیستی خاوەن پشکەکاندا تۆمارکراون لە رۆژی بەستنی کۆبونەوەی دەستەی گشتیدا، بە پێی ماددەی "4"ـی بڕیاری ژمارە "25" ـی ساڵی 2024 کە لە لایەن دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراق "هیئە اڵاوراق المالیە العراقیە"ــەوە دەرچووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دابەشکردنەی ئەمساڵ بێ وێنەیە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەدای دارایی کۆمپانیایە لە ساڵی 2024 ـدا، سەرباری باڵانسی نەختینەیی بەردەست و سەرمایەی زیادەی کەڵەکەبووی کۆمپانیا، کە بووەتە هۆی ئەوەی دابەشکردنی قازانجی ئەمساڵ بێ وێنە بێت.

فاروق مستەفا رەسوڵ سوپاسی خاوەن پشکەکانی کرد بۆ پشتگیریکردنی هەمیشەیی و پابەندبوونیان بە گەشتی گەشەکردنی کۆمپانیا و رایگەیاند: ئاسیاسێڵ بەردەوامە لە چەسپاندنی شوێن دەستی روونی خۆی لە کەرتی پەیوەندییەکانی عیراقدا، هەروەها پابەندبوونی بەهێزی خۆی نیشانداوە بۆ ڕابەرایەتیکردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و داهێنانی چارەسەری پێشکەوتوو لە بواری پەیوەندییەکاندا.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئاسیاسێڵ هەوڵدەدات بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی، لە هەمان کاتدا پارێزگاری بکات لە پابەندبوونی بە گەشەپێدان و داهێنان و باڵادەستی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی، سەرباری رۆڵی کاریگەری لە برەودان بە ئابووری عیراق و بەردەوامی لە پابەندبوون بە رێساکانی حوکمڕانی باش و بەرپرسیارێتییەکەی بەرانبەر بە ژینگە و کۆمەڵگای عیراقی.