کۆنفڕانسی هەردوو ئاراستەکەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێدەکات
محەمەد رزگار
٢٤ی ئایاری ٢٠٢٥
سەعات 12ـی ئەم نیوەڕۆیە کۆنفڕانسی هەردوو ئاڕاستەکەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێدەکات، هەردوو ئاراستەکەی بزوتنەوەکە بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی.
شاخەوان رەئوف ، وتەبێژی گۆڕانی ئاڕاستەی کوردسات، لەبەردەم هۆڵی كۆنفڕانس لە شاری سلێمانی لە كۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکخستنەوە و سەرپێخستنەوە و زیاتر بەدامەزراوەییكردنی بزوتنەوەی گۆڕانە، لەو روانگەیەشەوە پەیڕەوی ناوخۆ گۆڕانکارییەکى کەمى تێدا کراوە و دەمانەوێت رێکخەرى گشتى لەناو کۆنفڕانس هەڵبژێردرێت و ئەوەش لە بنەماکانى دیموکراسییە.
وتیشی: دەمانەوێت کۆنفڕانسەکە لە خزمەت گۆڕانخوازان و دەنگدەراندا بێت بۆیە بەلامانەوە گرنگە کۆنفڕانسەکە سەرکەوتوو بێت و بزوتنەوەی گۆڕان بباتە قۆناغێكی باشتر و گرنگتر و بەرەو دامەزراوەییتری ببات.
لە بەرانبەریشدا عەبدوڵا چۆمانی وتەبێژی گۆڕانی ئاڕاستەی گردەکە رایگەیاند: نامانەوێت رێکخەر و ئەندامانی خانە لە ناو هۆڵی کۆنفڕانس هەبژێردرێت، بەڵکو دەبێت لە دوای ئەنجامدانی کۆنفڕانس هەبژێردرێن.
وتیشی: هەمواری دەستوورمان کردەوەتەوە و رێکخەر و خانەمان وەک خۆی هێشتووەتەوە.