شازادەی بەلجیکا رەنگە بەهۆی ترەمپەوە واز لە خوێندن بهێنێت لە زانکۆی هارڤارد
رەوەز
٢٣ی ئایاری ٢٠٢٥
شازادە ئێلیزابێسی بەلجیکا، کە تەمەنی 23 ساڵە، رەنگە ناچار بێت واز لە خوێندنەکەی بهێنێت لە زانکۆی هارڤارد بەهۆی بڕیارە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە.
شاهزادەکە کە ساڵی یەکەمی لە بەشی سیاسەتی گشتی لە هارڤارد تەواوکردووە، ئێستا بەرەوڕووی مەترسی دەرکردن بووەتەوە دوای ئەوەی ترەمپ قەدەغەی بەسەر وەرگرتنی خوێندکارانی بیانی سەپاند.
ئیدارەی ترەمپ رۆژی پێنجشەممە بڕیاری دا کە جامعەی هارڤارد ناتوانێت خوێندکارانی بیانی ئیتر وەربگرێت، هەروەها ئەو خوێندکارانەی ئێستا لەوێ خوێندکارن دەبێت بگوازرێنەوە بۆ زانکۆکانی دیکە یان مافی یاسایییان لە ئەمەریکا لەدەست دەدەن.
لۆر ڤاندۆرن، وتەبێژی کۆشکی پاشایەتی بەلجیکا دەڵێت: "شازادە ئێلیزابێس تازە ساڵی یەکەمی تەواوکردووە. کاریگەریی ئەم بڕیارە لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا رون دەبێتەوە. ئێستا سەیری بارودۆخەکە دەکەین."
خاڤیێر بایێرت، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی پاشایەتی یش رایگەیاندووە: "ئێستا لە شیکردنەوەی ئەم بابەتەدا کاردەکەین... هێشتا ئەگەر هەیە شتی زیاتر روبدات".
شازادە ئێلیزابێس خوێندکاری ماستەرە بۆ "سیاسەتی گشتی" لە هارڤارد.
زانکۆی هارڤارد رۆژی هەینی سکاڵای یاسایی لە دژی حکومەتی ترەمپ کردووە و ئەم هەنگاوەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا" ناوبردووەکە دژی یاسای بنەڕەتی ئەمەریکا و یاسا فیدڕاڵیەکانی ترە.
ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هاتووە کە زانکۆی هارڤارد رەتیکردووەتەوە زانیارييان پێبدات سەبارەت بە بەشێک لە خوێندکارە بيانييەکان.
بەگوێرەی داتاکانی زانکۆکە، هارڤارد بۆ ساڵی خوێندنی 2024 بۆ 2025 شەش هەزار و 800 خوێندکاری نێودەوڵەتی هەبووە، کە لە%27ی کۆی خوێندکارە تۆمارکراوەکان دەکات.