سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لە ئەبوزەبی، جەختی لەسەر گرنگیدانی وڵاتەکەی بە بەردەوامی هاوکاری و دۆستایەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردەوە.

بەپێی راپۆرتی "میدڵ ئیست نیوز"، محەمەد بن زاید، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتی پێشوازیکردنی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند: "هاوبەشی نێوان ئیمارات و ئەمریکا بەهێزە".

لە راپۆرتێکی "ئەلخەلیج ئۆنلاین"دا هاتووە، بن زاید ئاشکرای کردووە کە لە 10 ساڵی داهاتوودا بە بڕی یەک ترلیۆن و 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەگەڵ ئەمریکا دەکەین.

سەرۆکی ئیمارات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بایەخێکی زۆر بە بەردەوامی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا دەدات.

هەروەها بن زاید راشکاوانە رایگەیاند کە وڵاتەکەی بایەخێکی تایبەت بە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەدات بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە هەر شوێنێکی جیهاندا.

جێی باسە، ئەم دیدارە لە چوارچێوەی گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت کە تیایدا کۆمەڵێک وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەسەر دەکاتەوە و باس لە چەندین دۆسیەی گرنگی ناوچەکە و هاوبەشیی ئابووری و ستراتیژی دەکرێت.