دوای نزیکەی 50 رۆژ، دوێنێ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی چوار کرا و بەپێی لیستی موچە بە سێ رۆژ موچەی سەرجەم موچەخۆران دابەش دەکرێت.

دوای تێپەڕینی نزیکەی 50 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی 3دا، دوێنێ چوارشەممە، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی چواری موچەخۆران کرا و رۆژی یەکشەممە 18ی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی موچە دێت.

یەکەم شوێن موچەی، خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانییە سیاسییەکان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش کرا.

بەپێی لیستی موچە، رۆژی هەینی و شەممە موچە دابەشناکرێت، تەنها ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو موچە دابەشدەکرێت کە لیستەکە بەم جۆرەیە:

 

ئەمڕۆ 15ی مانگ 23 دەستە و وەزارەت موچە وەردەگرن:

"کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، خانەنشینی پێشمەرگە، دارایی و ئابوری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەریی، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار".

 

رۆژی یەکشەممە 18ی 5، ئەم شوێنانە موچە وەردەگرن:

"کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی هەرێم، پێشمەرگە 'دیوان، لیواکان'، یەکەی 70 و 80، ب. پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن".

ئەمەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ بەغدا بڕیاریدا بە خەرجکردنی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم و راستەوخۆ دوای بڕیارەکەش پارەی موچە خرایە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم.