د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی 5ـی 2025 لە کۆشکی سەلام، پێشوازی لە وەفدێکی رەسمی راگەیاندکارانی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کرد.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە میوانداریکردنی بەغداد بۆ لووتکەی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەرەکی و هەوڵە جەمسەرییەکانی بۆ پتەوکردنی کاری هاوبەش بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی روبەڕوی ناوچەکە دەبنەوە و پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان برایان بەشێوەیەک کە بەرژەوەندیی گەلەکانمان بپارێزێت ودوپاتیشی کردەوە کە لوتکەی عەرەبی باس لەپرسە چارەنووسسازەکان دەکات و پەسەندکردنی ئەو بڕیارانەی کەیارمەتیدەربن لەگەیشتن بەئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەڕۆڵی سەرەکی میدیا کرد لەبەدیهێنانی پەیوەندی نێوان جەماوەر و داڕێژەرانی سیاسەت و ئاگادارکردنەوەی رای گشتی لەو پلان وستراتیژە خوازراوانەی کەئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و خواستی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بۆ خۆشگوزەرانی .
سەرۆک کۆمار پشتیوانی عیراقی بۆ گەلی فەلەستین و مافی ڕەوای چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیانی دووپاتکردەوە.
سەبارەت بەپرسی سوریا، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کردەوە و ئاماژەی بە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر بە شێوەیەک کەخزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات، هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خواست.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی کۆتایی هێنان بە ململانێکانی سودان و یەمەن کرد و دوپاتی لەوە کردەوە کە عیراق پشتیوانی لە سەقامگیری هەردوو وڵات و ئاشتی لە ناوچەکەدا دەکات.
سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و ئابووری و سیاسیەی کە ئێستا لە عیراق بەرقەرارە لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وجیهان .
سەرۆک کۆمار داوای لە میدیاکاران کرد وێنایەکی راستەقینەی سەقامگیری ئەمنی لە عیراق و پێکەوەژیانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عیراقی بگەیەنن و جیهانیش ئاگاداربکەنەوە لەو هەنگاوە گەورانەی کەلەبواری چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بەدەستهاتون.
لەلای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پەرۆشییان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی برایەتی و هاوکاری نێوان گەلان لەڕێگەی کاری میدیاییەکانیانەوە بەمەبەستی گەیاندنی راستی روداوەکان بە هەموو جیهان دووپات کردەوە.
هەروەها وەفدەکە هیوای سەرکەوتنیان بۆ لووتکەی بەغداد و بەدیهێنانی ئامانج و خواستەکانی گەلان بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەربڕی و سوپاسی هەوڵەکانی عیراقیان لەبەستنی کۆنگرەکە و میوانداریکردنی براکانی کرد.