نرخی  کارەبا لە پرۆژەی رووناکی لە 72 دینارەوە بۆ 350 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک دیاریکرا، وتەبێژکی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت: پلانی حکومەت ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ کارەبای 24 کاتژمێری بگاتە سەنتەری سەرجەم شارەکان.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەرێگەی پرۆژەی روناکیەوە بەهەدەردانی کارەبا کەمدەبێتەوە و ئامانجی حکومەتە کارەبای 24 کاتژمێری بە کەمترین نرخ بۆ هاووڵاتیان دابین بکات.

بەپێی زانیارییەکان، نرخی کارەبای 24 کاتژمێری بە پێنج قۆناغ دیاریکراوە، ئەگەر ماڵێک مانگانە تا 400 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، نرخەکەی بە 72 دینار دیاریکراوە بۆ هەر کیلۆواتێک، ئەگەر 400 بۆ 800 کیلۆوات بەکاربهێنێت دەبێتە 108 دینار.

ئەوەشی خستەڕوو، لە 800 بۆ 1200 کیلۆوات بە 175 دینار دیاریکراوە و ئەگەر هەر ماڵیکیش 1200 بۆ 1600 کیلۆوات بەکاربهێنێت دەبێت 265 دینار بدات بۆ هەر کیلۆواتێک.

هەر بەپێی زانیارییەکان، هەر ماڵێک 1600 کیلۆوات تێپەڕینێت، نرخی هەر کیلۆواتێک دەبێتە 350 دینار.