پۆلیسی سلێمانی: لە سەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێك دەستگیركرا
١٣ی ئایاری ٢٠٢٥
مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق بە هاوکاری بەشی پۆلیسی شارەزوور توانیان تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک لە شارۆچکەی هەڵەبجەی تازە داواکراو بوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، شەوی ڕابردوو لە ناو بازاڕی هەڵەبجەی تازە لە قەزای شارەزوور، کەسێک بە فیشەک کوژراوە. دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوتووە کە ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە ڕوویداوە و تۆمەتبار هەڵاتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوەی بەردەوام، پۆلیس زانیویەتی کە تۆمەتباری ڕووداوەکە بەرەو سەیدسادق هەڵاتووە. سەرەنجام مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق توانیویانە تۆمەتبار دەستگیر بکەن.
تۆمەتبار کە ناسنامەکەی بە (أ، ع، ر - تەمەن ٢٤ ساڵ) ئاشکرا کراوە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ی یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.