بەرێوبەرایەتیی گشتی دژەتیرۆر ئۆپراسوێنێکی لە سنوری پارێزگای کەرکوک ئەنجامدا و  ژمارەیەک تیرۆرستیان دەستگیر کرد.

بەرێوبەرایەتیی گشتی دژەتیرۆر بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە بەدواداچوون و زانیاریی هەواڵگری ورد، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عیراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنوری پارێزگای کەرکوک ئەنجامدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکە توانرا ژمارەیەک تیرۆرست و تۆمەتبار دەستگیربکرێن کە پێشینەیان لەناو رێکخراوی تیرۆرستی داعش هەبووە و لە ئێستاشدا بەشێک بوون لە شانە ناچالاکەکانی رێکخراوەکە و کاری گواستنەوەی کەرەستە و پێداویستی لۆجستییان کردووە بۆ پاشماوە چەکدارەکانی رێکخراوە.

دژەتیرۆر راشیگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانرا دەست بەسەر ژمارەیەک پارچە چەک و تەقەمەنی بگیرێت، هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک مۆبایل و سیم کارد گیرا کە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک تیرۆرستی دیکە بەکارهاتبوو.

پاش دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، دەستبەجێ رادەستی یاسا کران بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست و یاسایی بۆ سزادانیان.