ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، خولی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریكا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستی پێ كرد.

ئەوەس هاتووە، بەدر بوسەعید وەزیری دەرەوەی عومان نێوەندگیری دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكات و ئامانجی دانوستانەكە دانانی سنورێكە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران و هەڵگرتنی سزا و ئابڵوقەی سەر وڵاتەكە.

لێپرسراوێكی باڵای ئێران رایگەیاند، ئەمریكا لەبارەی دانوستانەكەوە زۆر جددی نییە و لە حاڵەتی شكستی دانوستانەكان خۆیان بۆ سیناریۆیەكی جێگرەوە ئامادە كردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە، وڵاتەكەی هەرگیز دەستبەرداری مافە ئەتۆمییەكانی نابێت.