بەشی تورکی ماڵپەڕێكی بەریتانی زانیاری نوێ لەبارەی كۆنفرانسی پارتی كرێكارانی كوردستان و ناوەڕۆكی رێككەوتنیان لەگەڵ  توركیا ئاشكرا دەكات.

بەشی توركی ماڵپەڕی ئیندیپێندنت، لە راپۆرتێكدا باسی لە وردەكاریی رێككەوتنێكی ئاشكرانەكراوی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی كردووە، بەپێی راپۆرتەكە مەرجەكانی توركیا بریتین لە راگرتنی خەباتی چەكداری پارتی كرێكارانی كوردستان و هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوەكە و قەدەغەكردنی چالاكیی سەربازی و سیاسی لەژێر ناوی پەكەكە لە عیراق و توركیا و سوریا و ئێران.

بەپێی راپۆرتەكە، مەرجێكی دیكەی توركیا بریتیە لە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ رادەستكردنەوەی چەكەكانی رێكخراوەكە لەكاتی جێبەجێكردنی رێكکەوتنەكە .

لە راپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە، بەر لە ئەنجامدانی كۆنفرانسەكەی پەكەكە عەبدوڵا ئۆجەلان پەیوەندی بە سەركردەكانی ئەو حیزبەوە كردووە و ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ تاوتوێ كردوون.