دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە مزگەوتێکی سەید سادقدا  بە جێهێڵراوی دۆزرایەوە، بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە ئێستادا منداڵەکە لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی چارەسەر وەردەگرێت.

ئێوارەی دوێنێ هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە منداڵێکی ساوا بە جێهێڵراوی دۆزراوەتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردسات نیوز کەوتووە، منداڵەکە لە مزگەوتی چەناخچیانی سەر بە قەزای سەید سادق جێهێڵراوە و تەمەنی تەنها نزیکەی حەوت رۆژێک دەبێت.

رەگەزی منداڵەکە کچە و تەمەنی نزیکەی حەوت رۆژێک دەبێت، لەناو جانتایەکدا لە مزگەوتەکە دانراوە و جێهێڵراوە.

دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیسی لێ ئاگادار دەکرێنەوە، پۆلیسی سەید سادق منداڵەکە دەباتە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت و پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجام دەدرێت، دەردەکەوێت توشی زەردویی بووە.

بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر منداڵەکە رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کراوە.

لە ئێستادا پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکە و هۆکاری جێهێشتنی منداڵەکە.