سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: ئەگەر کەرتی پەلەوەر بەو جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت تەمەنی ناگاتە دوو ساڵی دیکە
هەساو ئەمیر
٨ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کەرتی پەلەوەر گرفتی زۆرە و بێپلانە، ئەگەر بەو جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا تەمەنی ناگاتە دوو ساڵی دیکە و ئەو کەرتە لە هەرێم لەناو دەچێت.
نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوای جەژنی رەمەزانەوە کێڵگە پەلەوەرییەکان بە بڕی 10 ملیار دینار زیانیان پێگەشتووە.
ئەوەشی خستە روو، هۆکاری زیانەکە نەبونی پلانی حکومەت و پشتیوانیکردنی خاوەن کێڵگەکانە، بەتایبەت لە چاودێریکردنی ئەو پێداویستییانەی بەکاریدەهێنن لە کێڵگەکاندا، وەک جوچک و هێلکەی تروکاندن کە هاوردە دەکرێن، ئەو هێلکانەشی بۆ تروکاندن هاوردە دەکرێن خراپن و بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە خاوەن کێڵگەکان.
دەشڵێت، رێگریکردن لە هەناردەی مریشک بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق بەشێکی دیکەیە لە هۆکاری ئەو زیانەی بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان وتیشی، ئەگەر بەو جۆرەی ئێستا بێت، کەرتی بەرهەمهێنانی پەلەوەر تەمەنی ناگاتە دوو ساڵی دیکە و لەناو دەچێت، کە کەرتێکی گرنگی ئاسایشی خۆراکە و چەندین هەلی کاری دابین کردووە.