رەفعەت عەبدوڵلا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەئامادەبونی ستران عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی پێشوازی کرد لە گلین مایلز باڵیۆزی ئوسترالیا لەعیراق.

لەدەسپێکی دیدارەکە کە ئەمرۆ لە سلێمانی بەرێوەچوو هەردوولا کۆتا پەرەسەندنەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەو عیراقیان تاوتوێکرد.

جێگری سەرۆکی یەکێتیی ستایشی رۆڵی دیپلۆماسی  ئوسترالیای لەعیراق کردو روانگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لەسەر پرسە سیاسییەکانی کوردستان و عیراقی بۆ بەرێز باڵیۆز روونکردەوە.

جێگری سەرۆکی یەکێتی بەگرنگیەوە ئاماژەی بەسەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێم کرد بەدورخستنەوەی لەئاڵنگاری و ئەو ئاڵۆزییانەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت و وتی: کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری دەبێت لەناوچەکەدا.

پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو، رەفعەت عەبدوڵا هەوڵەکانی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم بۆ باڵیۆزی ئوسترالیا رونکردەوەو وتی: هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە پێش هەڵبژاردنەکانی عیراق حکومەتێکی یەکگرتوو خزمەتگوزار پێکبێنهرێت.

لەبەرانبەردا باڵیۆزی ئوسترالیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتێکی یەکگرتوو خزمەتگوزار لەهەرێمدا دەربڕی.

جێگری سەرۆکی یەکێتی جەختی لەپەرەپێدان و تۆکمەکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا کردەوەو رایگەیاند: برەودانی زیاتر بەپەیوەندیەکان و کارکردنی دوولایەنە لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش.

لەبەرانبەردا گلین مایلز باڵیۆزی ئوسترالیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێم دوپاتکردەوەو هیوای خواست  کوردستان هەمیشە گرفتەکانی لەگەڵ بەغداد بەگفتوگۆ و  لێکتێگەیشتن چارەسەر بکات. وتیشی :چارەسەرکردنی بەپەلەی گرفتەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور گرنگە.

رفعەت عەبدوڵا پشتیوانی بۆ وتەکانی باڵیۆز دەربڕی وتی: خواستی بەردەوامی یەکێتی چارەسەرکردنی گرفتەکان و رێککەوتنی هەرێم و حکومەتی فیدراڵە.

باڵیۆزی ئوسترالیا بەگرنگیەوە باسی پێگەی هەرێمی کوردستانی کردو سەرسامی خۆی بەپێشکەوتنی بەرچاوی سلێمانی پیشانداو خواستی وڵاتەکەی بۆ هاریکاری و پێکەوەیی دەربڕی، هەروەک پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانیشی لەهەرێم بەمایەی خۆشحاڵی وەسفکرد.

باڵیۆزی ئوسترالیا رۆڵی گرنگ و کاریگەری سەرۆک مام جەلالی لەگۆڕەپانی سیاسی عیراق و کوردستاندا بەرز نرخاندو ئاماژەی بەوەدا سەرۆک مام جەلال سەرکردەیەکی ژیرو بەحیکمەت و چەتری کۆکەرەوەی هەمووان بوو.

تەوەری کۆتایی دیدارەکە باسکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عیراق بوو کەبڕیارە نۆڤەمبەری ئەمساڵ ئەنجامبدرێت. هەردوولا هاوڕابون کە ئەم وێستگە دیموکراسیەش گەشەی زیاتر بە پرۆسەی سیاسیی وڵات بدات.