ژمارەیەك مامۆستای گرێبەست ماوەی حەوت مانگە موچەیان وەرنەگرتووە
لاوان
٦ی ئایاری ٢٠٢٥
بەشێك لە مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە زیاتر لە حەوت مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستیش، هۆكارەكەی بۆ نەبوونی فەرمانی دارایی لە وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە.
عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە كوردسات نیوزی راگەیاند، مانگی 11ـی ساڵی رابردوو، بەشێك لە مامۆستایانی گرێبەست بە هۆكاری جیاواز گرێبەستەكانیان هەڵوەشێنرایەوە و ژمارەیەك مامۆستای وانەبێژی لادراو لە شوێنەكانیان بە گرێبەست دەستبەكاربوون، بەڵام تاكو ئێستا ئەو مامۆستایانە موچەیان پێنەدراوە.
ئەوەشی خستەڕو، ئەو مامۆستا گرێبەستانە ژمارەیان لەنێوان 250 بۆ 300 مامۆستا دەبێت و هۆكاری پێنەدانی مووچەكانیان، بۆ نەبوونی فەرمانی دارایی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەگەڕێتەوە.
ئەو نوێنەرە ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و دارایی لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و دەركردنی فەرمانی دارایی بۆ خەرجكردنی موچەكانیان.