چەند کێشەیەک وەزیری دارایی عیراق دەڵێت؛ حکومەتی هەرێم داهاتە نانەوتییەکان وەکو خۆی رادەست ناکات و پاپەند نییە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان.

سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە تایبەت بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چەند گرفتێکی تێدایە و تەیف سامی وەزیری دارایی عیراقیش، ناڕازیە لە هەڵسوکەوتەکانی حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان، بەتایبەت لە رووی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ وەکو خۆی.

ئەو سەرچاوە باڵایە باسی لەوەشکرد،  لە دوای تەواوبوونی کۆبونەوە ئاساییەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران کە وەزیرە کوردەکان بەشداری کۆبونەوکەیان کردوە، کۆبونەوەیەکی تایبەت لە نێوان تەیف سامی و چەند وەزیرێکی حکومەتی ناوەند، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدراوە، تێیدا تەیف سامی ناڕەزاییەتی خۆی دەربڕیوە و وتوێتی کە حکومەتی هەرێم پابەند نیە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و داهاتای نانەوتی وەکو خۆی رادەستی حکومەتی ناوەند ناکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا هەوڵەکان بەرەدوامە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاستەنگەکانی بەردەم خەرجکردنی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم نەمێنێت و جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵدەدەن لە نێو ئەم هەفتەیەدا پارەی موچەی مانگی چوار رەوانەی حکومەتی هەرێم بکرێت.