لە 24 سەعاتی رابردوودا نزیكەی 160 كەس لە هەرێم و 207 كەس لە كەركوك، بەهۆی كاریگەری خۆڵبارین رەوانەی نەخۆشخانە كران، كەشناسی عیراقیش دەڵێت، ئەمڕۆ خۆڵبارین كۆتایی دێت.

دەستەی گشتی كەشناسی و بەدواداچوونی بومەلەرزەزانی عیراق بڵاویكردەوە، ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی ماوەی 5 رۆژە بەرۆكی زۆربەی شارەكانی عیراقی گرتووە، ئەمڕۆ كۆتایی دێت و لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرماش كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.

سدیق عەتیە، سەرۆكی بەشی پێشبینی دەستەكە ئاماژەی بەوە كردووە، هەرچەندە هەندێك ناوچە لە هەرێمی كوردستان هێشتا لەژێر كاریگەری پاشماوەی هەور و  باران و خۆڵباریندان، پێشبینی دەكرێت وردە وردە كەمببێتەوە، بەڵام لە باكووری ڕۆژئاوای وڵات، با كەمێك چالاك دەبێت.

بەهۆی كاریگەری خۆڵبارینەوە، لە 24 سەعاتی رابردوودا نزیكەی 160 كەس لە هەرێمی كوردستان و 207 كەسیش لە كەركوك و رەوانەی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن كران.