کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، وادەی تۆمارکردنی حزب و هاوپەیمانی و لیستی کاندیدانی  بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریکرد و رایگەیاند؛ هاوپەیمانی و حزب و لیستەکان لە رۆژی 15ی4ی2025وە دەتوانن هەتا رۆژی14ی5ی2025 ناوی خۆیان تۆماربکەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆن:" کاتی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و حزب و لیستەکان ماوەکەی 30 رۆژ دەبێت و دوای خۆ تۆمارکردنەکە ژمارە  بە لیست و هاوپەیمانێتییەکان دەدرێت."

سەبارەت بە کاتی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان ئاماژەی بەوەشکردووە:" کاتی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان لە 15ی5ی2025وە دەستپێدەکات و تا رۆژی 13ی6ی2025 بەردەوام دەبێت، وادەی تۆمارکردنی سکاڵای هاوپەیمانێتی و حزبەکانیش لە 15ی4 بۆ 1ی7 دەبێت کە ماوەی 67 رۆژە".

کۆمسیۆن ئەوەشی رونکردووەتەوە:" رۆژی 10ی7ی2025 راکێشانی ژمارە بە لیست و هاوپەیمانێتییەکان ئەنجامدەدرێت".

دەربارەی دەستپێکردنی بانگەشە، کۆمسیۆن رایگەیاندوە: "بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکان لە 9ی10ی2025 دەستپێدەکات و ماوەی 30 رۆژ دەخایەنێت".