قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە دکتۆر عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی دواگۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەئامادەبوونی  هەریەکە لە د. مەریوان ئەحمەد رەشید، سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و ئەندازیار حسێن نجم الدین رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی رێکخراوی رابیتەی مرۆیی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمانی کرد لە قوڵترکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا و هیوای خواست رۆڵی زیاتر ببینێت لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان.

لای خۆیەوە د. عەلی قەرەداغی رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستان و مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد بە گرنگ وەسف کرد و روونی کردەوە کە سەرۆک مام جەلال خزمەتی بەرچاوی بە سەرجەم رێکخراو  و لایەنە سیاسییەکان کردووە بێ گوێدانە ئایدیا و بیر و باوەڕیان.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش هەردوولاش هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە کوردستانییەکان یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچە و پێکەوە هەوڵ بدەن زۆرترین دەستکەوت بۆ گەلی کورد دابین بکەن.