بەڕازیل... پۆلیس هەوڵی هێرشیکی تیرۆریستی لە کۆنسێرتێکی لەیدی گاگا پوچەڵکردەوە
رەوەز
٤ی ئایاری ٢٠٢٥
پۆلیسی بەرازیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە توانیویەتی پیلانی ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆریستی لە کۆنسێرتی گۆرانیبێژی جیهانی لەیدی گاگا پوچەڵ بکاتەوە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە کەناری "کۆپا کابانا" لە ویلایەتی ڕیۆ دی جانیرۆ لە ڕۆژی شەممەدا کۆکردبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی ریۆ دی جانیرۆ، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە کاری کردووە، ئەم پیلانە لەلایەن گروپێکەوە داڕێژرابوو کە هانی ڕق و کینە دەدات و هەوڵی تووندڕەوکردنی گەنجان و هەرزەکاران دەدات. ئەم گروپە رێگەی جۆراوجۆری وەک خۆئازاردان و پەیامی توندوتیژی بەکارهێناوە وەک شێوازێک بۆ دروستکردنی هەستی پەیوەندی لای ئەندامەکانی.
پۆلیس لە راگەیەندراوێکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "گومانلێکراوەکان خەریکی راکێشانی بەشداربوان بوون، لەنێویاندا کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی، بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەناو کۆنسێرتەکەدا".
وەزارەتی داد رونی کردەوە کە ئەوانەی بەرپرسی ئەو تیمە بوون بە "وەحشە بچووکەکان" ناسراون و خۆیان بە هەواداری لەیدی گاگا نیشانداوە.