وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم دەڵێت، بەهۆی وشكەساڵی و كەمی بارانبارین، بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ نزیكەی یەك ملیۆن تۆن كەمیكردووە.

هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی وشكەساڵی و كەمی بارانبارین، بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جوتیاران كەمیكردووە، بەجۆرێك ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنم گەیشتووەتە نزیكەی دوو ملیۆن تۆن، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت بگاتە نزیكەی یەك ملیۆن تۆن.

وتیشی، بەهۆی پێشبینییەكانی كەمی بارانبارینەوە، ئەمساڵ بەشێكی زۆر لە جوتیاران خۆیان لە چاندنی گەنم بەدوورگرتووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە بەشێكی زۆری ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی رابروو ئەمساڵ ئاستی بارانبارین بۆ نیو هێندە كەمیكردووە و شارەزایانی بواری كەشناسیش، هۆشداری لە وشكەساڵییەكی مەترسیدار لە هەرێم دەدەن.