لە ئاکرێ چالاکوانێک لەسەر رەخنەگرتن لە رێگاوبان بۆ ماوەی سێ رۆژ راگیرا
محەمەد رزگار
٤ی ئایاری ٢٠٢٥
وێنەی قەیدار حوسێنی چالاکوان
لە ئاکرێ چالاکوانێک لەسەر پارچە ڤیدیۆیەک کە رەخنە لە رێگاوبان دەگرێت، ئەمرۆ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، پارێزەری ئەو چالاکوانەش دەڵێت؛ دادوەر بڕیاریداوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ئەو چالاکوانە رابگیرێت.
ئەکرەم زێباری پارێزەری چالاکوانەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، قەیدار حوسێنی چالاکوان لەسەر پارچە ڤیدیویەک بە بریاری دادوەر دەستگیرکراوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ رادەگیرێت.
وتیشی؛ چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ بە کەفالەت ئازادبکرێت ئەگەر لێکولینەوە لەسەر سکاڵاکە تەواوببێت.
پێش چەند رۆژێک چالاکوان قەیدار حوسێنی خەڵکی ئاکرێ، بەهۆی ئەوەی لە پارچە ڤیدیویەک دا گلەیی لە ئیدارەی شارەکە و قائیمەقایمی قەزاکە دەکات، لەسەر تەواونەبوونی رێگای(سەرێ گری) کە بۆ نەوروزی ئەم ساڵ دروست کرابوو ، ئەمرۆ بەهۆی سکاڵای قائیمەقایمەتی ئاکرێ، قەیدار حوسێن بانگێشتی دادگا کرا و بە بریاری داوەری سێ رۆژە راگیراوە.