بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەهۆی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی وەفدی ئیمراڵی پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەموو هەوڵێكی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باكووری كوردستان و توركیا.

دەقی پەیامەکە...

لە دڵەوە نیگەران و غەمباربووم بە کۆچی دوایی بەڕێز سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی ئیمراڵی. بۆ ئەم خەمە قووڵە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری بەڕێزیان و پارتی دەم و هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە خەمی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد دان بە دیالۆگ و گفتوگۆ.

سری سوورەیا ئۆندەر کەسایەتییەکی دیار و دڵسۆزی گەلی کورد بوو کە لە چەند قۆناغێکدا داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانی گەلەکەمان بوو، هەموو هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەدەستدانی بەڕێزیان جێگەی داخە و گەلی کورد دڵسۆز و خەمخۆرێکی راستەقینەی لەدەستدا.

لە خوای گەورە داواکارین رۆحی بەڕێز سری سوورەیا ئۆندەر بۆ هەمیشە شادبێت و ئارامی و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان