پۆلیسی هەولێر: ئەو تۆمەتبارەمان دەستگیرکرد کە خوشکی خۆی کوشتبوو
محەمەد رزگار
٣ی ئایاری ٢٠٢٥
لە هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە خوشکەکەی خۆی کوشتبوو، پۆلیسی هەولێریش رایگەیاند، لە دوای دوو کاتژمێر توانیمان تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەین.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە روداوێکی کوشتن لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی روداوەکە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆمان دەرکەوت کەوا کچێک بەناوی (ن. ٲ. ع) لەلایەن براکەیەوە بەناوی (ع. ٲ. ع) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژراوە.
پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، دوای کەمتر لە دوو کاتژمێر تۆمەتبار لەلایەن تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس دەستگیر کرا بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە.
هاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: ئەو روداوە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە رویداوە و لە ئەنجامدا برایەک چەن گوللـەیەک بە خوشکەکەی خۆیەوە دەنێت و لەکاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.