سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، یادی رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەری بەرز رادەگرێت كە ساڵانە دەكەوێتە سێی ئایارەوە. لەم بۆنەیەشدا هۆشداری دەدات لە مەترسی بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد (AI) وەك ئامرازێكی دیكەی بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو.

ئەمڕۆ سێی ئایار، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری یۆنسكو(UNESCO)  لە ژێر دروشمی "رووماڵكردن لە جیهانێكی نوێدا، كاریگەریی ژیریی دەستكرد (AI)لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری و میدیا"، یادی رۆژی جیهانی  ئازادی رۆژنامەگەری دەكاتەوە.

لەمبارەیەوە سەنتەری میترۆ جەختدكاتەوە "ژیریی دەستكرد رۆڵی گرنگ دەبینێت لە دەستەبەركردنی خێرای زانیاری تایبەت بۆ ئەو كەسانەی بەكاریدەهێنن، بەڵام نابێت بكرێت بە ئامرازێكی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاووڵاتیان و رۆژنامەنووسان".

سەنتەری میترۆ ئەم رۆژ و بۆنەیەش بە دەرفەت دەزانێت چونکە هەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی گفتوگۆی دیموكراسییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانە كەڵەكەبووەكانی، ئەمەش پێویستی بە فرەیی راستەقینەی میدیا و ئازادی كاركردنیان و بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاری و بیربۆچوونی جیاواز هەیە، دوور لە گوشار و پێشێلكاری و بە دابینكردنی ژینگەی كاركردنی گونجاو بۆ رۆژنامەنووسان.

لەم بۆنەیەدا سەنتەری میترۆ  داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، زەمینە خۆش بكات تا میدیا رۆڵی خۆی ببینێت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنیان نەهێڵیت، پێشێلكاران و تاوانكارانی بەرانبەر میدیاكاران رووبەڕووی دادگا بكاتەوە و كارێك بكات دەربازیان نەبێت لە سزا. با ڕۆژی ئازادی رۆژنامەگەری بكرێتە دەرفەتێك بۆ بە پێداچوونەوە بە حوكمە دادوەرییەكان دژ بە رۆژنامەنووسان، "شێروان شێروانی" و "قارەمان شوكری" و هەڵگرتنی تۆمەتەكان لەسەر "ئومێد پەروشكی" و ئازادكردنیان.

هەروەها سەنتەری میترۆ جەخت لە رۆڵی گرنگی میدیا دەكاتەوە لە بڵاوكردنەوەی زانیاری  و گەیاندنی بە شێوەیەكی پیشەییانە، بە ئامانجی هۆشیاری زیاتر بۆ تاكەكان، رووبەرووبونەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و رەتكردنەوەی گوتاری رقوكینە و كۆتایهێنان ئاشكراكردنی نهێنی كەسی و پاراستنی تایبەتمەندی و جیاكردنەوەی رەهەندی گشتی و رەهەندی كەسی تایبەت، لە بڵاوكردنەوەدا.